دۆزینەوە

خۆێندنی ٣

کەوتنی مرۆڤ:یەکەمین گوناح و تاوانەکەی

پەیدابوون ٣:١-٢٤

یەکەم:چیرۆکەکە بخۆێنەوە

بخۆێنە یان گۆێ بگرە لەمانەی خوارەوە

x1.0

3:1مار لە هەموو ئاژەڵی کێوی سەر زەوی، ئەوانەی یەزدانی پەروەردگار دروستی کردبوون زۆرزانتر و تەڵەکەبازتر بوو. بە ئافرەتەکەی گوت: «ئایا ڕاستە خودا فەرموویەتی: ”بۆتان نییە لە هیچ درەختێکی باخچەکە بخۆن؟“»

2ئافرەتەکەش بە مارەکەی گوت: «بۆمان هەیە لە بەری درەختەکانی باخچەکە بخۆین، 3بەڵام خودا فەرمووی: ”بۆتان نییە لە بەری ئەو درەختە بخۆن، کە لەناوەڕاستی باخچەکەیە، هەروەها بۆتان نییە دەستی لێ بدەن، ئەگینا دەمرن.“»

4مارەکە بە ئافرەتەکەی گوت: «نا بەڕاستی نامرن، 5چونکە خودا دەزانێت ئەو ڕۆژەی کە دەیخۆن چاوتان دەکرێتەوە و ئیتر وەک خوداتان لێدێت و چاکە و خراپە دەزانن.»

6کاتێک ئافرەتەکە بینی بەری درەختەکە بۆ خواردن باشە، چاو ئارەزووی دەکات و وای لێ دەکات دانا بێت، لە بەرەکەی کردەوە و خواردی، دایە مێردەکەشی کە لەگەڵی بوو، ئەویش خواردی. 7پاشان هەردووکیان چاویان کرایەوە و زانییان کە ڕووتن، ئیتر گەڵای هەنجیریان لێک دووری و پۆشاکیان بۆ خۆیان دروستکرد.

8ئینجا پیاوەکە و ژنەکەی گوێیان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگار بوو کە لە کاتی هەڵکردنی شنەبای ڕۆژدا لە باخچەکەدا هاتوچۆی دەکرد، ئەوانیش لەنێو درەختەکانی باخچەکە خۆیان لە یەزدانی پەروەردگاریان شاردەوە. 9بەڵام یەزدانی پەروەردگاریش پیاوەکەی بانگ کرد و فەرمووی: «لەکوێیت؟»

10ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە باخچەکە گوێم لە دەنگت بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕووت بووم، ترسام؛ ئیتر خۆمم شاردەوە.»

11ئەویش فەرمووی: «کێ بە تۆی گوت کە ڕووتیت؟ لەو درەختەت نەخواردبێت کە فەرمانم پێ کردبوویت لێی نەخۆیت؟»

12پیاوەکەش گوتی: «ئەو ئافرەتەی پێت دام لەگەڵم بێت، ئەو لە بەری ئەو درەختەی پێدام، منیش خواردم.»

13ئینجا یەزدانی پەروەردگار بە ئافرەتەکەی فەرموو: «ئەمە چییە تۆ کردووتە؟»

ئافرەتەکەش گوتی: «مارەکە فریوی دام و منیش خواردم.»

14یەزدانی پەروەردگار بە مارەکەی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەمەت کرد،

  «تۆ لە هەموو ئاژەڵێکی ماڵی و کێوی
    نەفرەتلێکراوتر دەبیت.
  هەموو تەمەنیشت
    لەسەر سکت دەخشێیت و
    خۆڵ دەخۆیت.
  15دوژمنایەتیش دەخەمە
    نێوان تۆ و ئافرەتەکە،
    نێوان نەوەی تۆ و نەوەی ئەوەوە.
  نەوەی ئەو سەرت پان دەکاتەوە و
    تۆش پاژنەی پێی دەکوتیت.»

16بە ئافرەتەکەشی فەرموو:

  «ئازاری سکپڕیت زۆر زیاتر دەکەم،
    بە ژانەوە منداڵت دەبێت.
  ئارەزووت بۆ پیاوەکەت دەبێت و
    ئەویش بەسەرتدا زاڵ دەبێت.»

17ئینجا بە پیاوەکەشی فەرموو: «لەبەر ئەوەی تۆش گوێت لە ژنەکەت گرت و لەو درەختەت خوارد کە فەرمانم پێ کردبوویت، ”نابێت لێی بخۆیت،“

  «ئەوا زەویش بەهۆی تۆوە نەفرەت لێکراوە.
    بە ڕەنجکێشانیش
    هەموو ڕۆژانی ژیانت لێی دەخۆیت.
  18دڕکوداڵت بۆ بەرهەم دێنێت و
    ڕووەکی کێڵگە دەخۆیت.
  19بە ئارەقەی ناوچەوانت
    نان دەخۆیت،
  هەتا دەگەڕێیتەوە بۆ زەوی،
    کە لێیەوە وەرگیراویت،
  لەبەر ئەوەی تۆ خۆڵیت و
    بۆ خۆڵیش دەگەڕێیتەوە.»

20ئادەم ناوی ژنەکەی نا حەوا ، چونکە دەبێتە دایکی هەموو زیندووان.

21یەزدانی پەروەردگار بۆ ئادەم و ژنەکەی جلی لە پێست دروستکرد و لەبەری کردن. 22ئینجا یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «ئێستا مرۆڤ بووە بە یەکێکی وەک خۆمان، چاکە و خراپە دەزانێت، ئێستاش ڕێگەی پێ نادرێت دەستی درێژ بکات و لە درەختی ژیانیش بکاتەوە و بیخوات و بۆ هەتاهەتایە بژیێت.» 23ئیتر یەزدانی پەروەردگار لە باخچەی عەدەن دەریکرد، بۆ ئەوەی لەو زەوییە ئیش بکات کە لێوەی وەرگیراوە. 24دوای ئەوەی مرۆڤی دەرکرد، بۆ پاسەوانی ڕێگای درەختی ژیان لە دیوی ڕۆژهەڵاتی باخچەی عەدەن کەڕوبەکانی دانا، لەگەڵ شمشێری گڕدار کە بە هەموو لایەکدا دەسووڕایەوە.

دوەم:چیرۆکەکە دوبارە بکە

کەمێک کات وەربگرە بۆ دوبارە کردنەوەی چیرۆکەکە بە وشەی خۆت .لەوانەیە حەز بکەیت بە دەنگی بەرز ،یان بینوسیت.ئەگەر زانیت بیرت دەچێت ،بیخۆێنەوە یان گۆێبگرەوە دوبارە

سێیەم:چیرۆکەکە بدۆزەوە

کاتێک هەستت کرد کە چیرۆکەکە دەناسیت ،هەندێک کات وەربگرە تا بتوانیت تاوتۆی ئەم پرسیارانە بکەیت


Get it on Google Play
Download on the App Store

Get Discovery Bible Studies on your phone

Discover copyright ©2015-2026 discoverapp.org

Biblica®‎ وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
© مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا‎
Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™‎
‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎
‏«Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە.