
بخۆێنە یان گۆێ بگرە لەمانەی خوارەوە
4:1هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر یەکێک بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد لە یەکێک لەو فەرمانانەی یەزدان کە نابێت بکرێت و یەکێکی لەوانە کرد، ئەمە دەبێت:
3«”ئەگەر کاهینی دەستنیشانکراو گوناهی کرد و گەلی تووشی تاوان کرد، دەبێت جوانەگایەکی ساغ بۆ یەزدان پێشکەش بکات لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی، قوربانی گوناهە . 4جوانەگاکە دەباتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان و دەستی لەسەر جوانەگاکە دادەنێت و جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەردەبڕێت. 5ئینجا کاهینە دەستنیشانکراوەکە لە خوێنی جوانەگاکە دەبات و دەیباتە ناو چادری چاوپێکەوتن. 6کاهینەکە پەنجەی دەکاتە ناو خوێنەکە و حەوت جار لەبەردەم یەزدان لێی دەپرژێنێت لەلای پەردەی پیرۆزگا. 7کاهینەکە هەندێکیش لە خوێنەکە لە قۆچەکانی قوربانگای بخوورە بۆنخۆشەکە دەدات، ئەوەی لە چادری چاوپێکەوتنە لەبەردەم یەزدان، پاشماوەی خوێنی جوانەگاکەش دەڕژێنێتە بنکەی قوربانگای قوربانی سووتاندن کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنە. 8هەموو پیوی جوانەگای قوربانی بۆ گوناهەکە دەردەهێنێت، ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناوەکەیە، 9لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە. 10هەروەک ئەو پیوەی لە گا قوربانی هاوبەشی دەکرێتەوە و کاهینەکە لەسەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن دەیانسووتێنێت. 11بەڵام پێستی جوانەگاکە و هەموو گۆشتەکەی و سەر و قاچەکەی و هەناوی و ڕیخۆڵەکەی، 12هەموو پاشماوەی جوانەگاکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ شوێنێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم، کە بۆ شوێنی فڕێدانی خۆڵەمێش بێت و لەسەر دار دەیانسووتێنێت، لەسەر شوێنی فڕێدانی خۆڵەمێش دەسووتێنرێ.
13«”ئەگەر هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بەبێ ئەنقەست گوناهێکیان کرد و یەکێک لەو شتانەیان کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێت، تەنانەت ئەگەر گوناهەکە لەبەرچاوی ئەنجومەن شاردراوە بوو، ئەوا کاتێک درکیان کرد بەو تاوان و 14دواتر گوناهەکە زانرا کە کردوویانە، دەبێت ئەنجومەن جوانەگایەک وەک قوربانی گوناه پێشکەش بکات و دەیهێننە بەردەم چادری چاوپێکەوتن. 15پیرانی کۆمەڵەکە لەبەردەم یەزدان دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکە دادەنێن و جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەردەبڕدرێت. 16ئینجا کاهینی دەستنیشانکراو لە خوێنی جوانەگاکە دەباتە ناو چادری چاوپێکەوتن، 17پەنجەی دەخاتە ناو خوێنەکە و حەوت جار لەلای پەردەکە لەبەردەم یەزدان دەیپرژێنێت. 18هەندێک لە خوێنەکە لە قۆچەکانی قوربانگاکە دەدات کە لەبەردەم یەزدانە لە چادری چاوپێکەوتن و پاشماوەی خوێنەکەش لە بنکەی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن دەڕێژێت کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنە. 19هەموو پیوەکەی لێ دەکاتەوە و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت. 20چی لە جوانەگای قوربانی گوناه کرد ئاواش لەو جوانەگایە دەکات. کاهینەکە کەفارەتیان بۆ دەکات و لێخۆشبوونیان بۆ دەبێت. 21پاشان جوانەگاکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و دەیسووتێنێت هەروەک جوانەگای یەکەمی سووتاند، ئەوە قوربانی گوناهی کۆمەڵە.
22«”ئەگەر دەسەڵاتدارێک گوناهی کرد و بەبێ ئەنقەست یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدانی پەروەردگاری فەرمانی داوە نەکرێت و تاوانبار بوو، 23پاشان لە گوناهەکەی ئاگادار کرایەوە کە کردوویەتی، دەبێت قوربانییەکەی بهێنێت کە گیسکێکی نێری ساغ بێت. 24دەستی لەسەر سەری گیسکەکە دابنێت و سەری ببڕێت لەو شوێنەی کە قوربانی سووتاندنی لێ سەردەبڕدرێت لەبەردەم یەزدان. ئەوە قوربانی گوناهە، 25کاهینەکەش بە پەنجەی لە خوێنی قوربانییەکەی گوناه دەبات و لە قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات، پاشماوەی خوێنەکەی دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن. 26هەموو پیوەکەشی لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت وەک پیوی قوربانی هاوبەشی. کاهینەکە لە گوناهەکەی کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
27«”ئەگەر یەکێک لە کۆمەڵگا بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، بەوەی یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێت و تاوانبار بوو، 28پاشان لە گوناهەکەی ئاگادار کرایەوە کە کردوویەتی، دەبێت قوربانییەکەی بهێنێت کە بزنێکی ساغ بێت، لەبەر گوناهەکەی کە کردوویەتی. 29لە شوێنی قوربانی سووتاندن دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی گوناه دادەنێت و سەری دەبڕێت. 30کاهینەکەش بە پەنجەی لە خوێنەکەی دەبات و لەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات، پاشماوەی خوێنەکەشی دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکە. 31هەموو پیوەکەشی لێ دەکاتەوە، وەک چۆن ئەو پیوەی لە قوربانی هاوبەشی کردەوە و کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت. ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
32«”ئەگەر قوربانییەکەی بەرخ بوو بۆ قوربانی گوناه، دەبێت مێینە و ساغ بێت. 33دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی گوناه دادەنێت و وەک قوربانی گوناه سەری دەبڕێت، لەو شوێنەی قوربانی سووتاندنی تێدا سەردەبڕدرێت. 34کاهینەکە بە پەنجەی لە خوێنی قوربانییەکەی گوناه دەبات و لەسەری قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات و هەموو خوێنەکەش دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکە. 35هەموو پیوەکەشی لێ دەکاتەوە هەروەک ئەو پیوەی لە بەرخی قوربانی هاوبەشی دەکرێتەوە، کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە لەسەر قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەیسووتێنێت. بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
کەمێک کات وەربگرە بۆ دوبارە کردنەوەی چیرۆکەکە بە وشەی خۆت .لەوانەیە حەز بکەیت بە دەنگی بەرز ،یان بینوسیت.ئەگەر زانیت بیرت دەچێت ،بیخۆێنەوە یان گۆێبگرەوە دوبارە
کاتێک هەستت کرد کە چیرۆکەکە دەناسیت ،هەندێک کات وەربگرە تا بتوانیت تاوتۆی ئەم پرسیارانە بکەیت
Get Discovery Bible Studies on your phone
Discover copyright ©2015-2026 discoverapp.org
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
© مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا
Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
«Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە.